Rojhelat Tv Live

زانیاری وه‌رگرتنی ته‌له‌فزیۆنی ڕۆژهه‌ڵات له‌ سه‌ر مانگی ده‌ستکردی هۆتبێرد :Hot Bird 6 at 13.0°E ,10815 H, Rojhelat TV , SR 27500-5/6

هه‌واڵه‌کان
بۆچون: 0    بینراوه‌: 3081 جار    ده‌نگ: 6   (Article Rating)            بینێره‌ بۆ چرکه  بینێره‌ بۆ دنباله بینێره‌ بۆ بالاترین بینێره‌ بۆ تویتر بینێره‌ بۆ فه‌یسبوک Bookmark and Share
Friday, February 20, 2015
رۆژی زمانی دایکى

رۆژی زمانی دایکى
نووسینی: ئەنوەر محەمەدی
یۆنسکۆ ساڵی 1999ی زایینی بە مەبەستی یارمەتیکردن بە جۆراوجۆری زمانی وفەرهەنگی، رۆژی21ی فێوریەی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک دیاری کرد. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ساڵی2008ی زایینی وەک ساڵی جیهانی زمانەکان دیاریکردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتان هەموو ساڵێ ئەم رۆژە وەک رۆژی زمانی دایک کاری لە سەر دەکرێ ، رێزی لێ دەگیرێ ، گرینگیەکەی باس دەکرێ و بابەتی جۆراوجۆری لە سەر دەنوسرێ.
زمانی دایکیی وەک یەکێک لە پایە گرینگەکانی شوناسی مرۆڤایەتی بە حیساب دێت ودیاریکردنی رۆژێکی تایبەت بەو مەبەستە نیشانەی گرینگیدانە بە جۆراوجۆری زمانیی و شوێندانەری ئەو جۆراوجۆریە لە سەر پێشکەوتن و گەشەی مرۆڤایەتی، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتی فرەنەتەوەی ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی نەک یارمەتی بەو جۆراوجۆری زمانییە کە هۆیەکە بۆ گەشەکردنی زمان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا نەکراوەو ناکرێ، بەڵکو دەیان ساڵە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو هەوڵ بۆ نکۆڵی کردنی زمانەکانی نەتەوەکانی دانیشتوو پێکهێنەری ئەم وڵاتە دراوە و، تێکۆشەرانی ئەم بوارە رۆژبە رۆژ بەرەو رووی ئاستەنگ و گیروگرفتی جۆراوجۆرو تەنانەت زیندانی درێژماوە بوونەتەوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا کورد و چەند نەتەوەی دیکە لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی کە سەرەتایترین حەقی هەر تاک و نەتەوەیەکە بەرەسمی و بە ئاشکرا بێبەش کراون.
بێگومان ئەم رۆژە بۆ گەلانێک کە هێشتا لە سەدەی بیست ویەکدا بەم مافە سەرەتای و سروشتیەی خۆیان نەگەیشتوون گرینگی تایبەتی هەیە و پێویستە زیاتر لە گەلانی دیکە ئەم باسە بوروژێنن و دەنگی زمانی بە رەسمی نەناسراو و نکۆڵی لێکراویان بە دنیا بگەیەنن. بۆ ئێمەی کورد لە ئێران دەبێ ئەم داخوازییە ببێتە داخوازی هەموو تاک و کۆمەڵگا وهێزی جەماوەری بۆ کۆ بکەینەوە، پاڵپشتی نێونەتەوەیی بۆ پەیدا بکەین و لە چوار چێوەی ئێرانیشدا بە گشتی دەنگی ئازادیخوازان و پێشکەوتنخوازان لە دەوری داخوازیەکەمان بۆ سەلماندنی کۆ بکەینەوە، گرینگە ببیتە داخوازیەکی رۆژانە نەک ساڵی جارێ باسی بکەین. بەو رادەیە داگیرکەران هەوڵ دەدەن زمانمان لە ناو بەرن و سەرەکیترین شوناسمان لێ بسێننەوە، پێویستە ئێمەش زیاتر لەوان یەکگرتووانەو بە بەرنامە کار بۆ گەشەی زمانمان و پەرەپێدانی و بە رەسمی کردنی لە وڵاتدا بکەین.
سەبارەت بە مەسەلەی زمان ئەگەر هەندێک لە مێژووی ئێران ورد بینەوە دەبینین دەسەڵاتدارانی کۆن و نوێی ئێران لە چوارچێوەی بنەمای سیاسەتی یەک زمان یەک نەتەوە و یەک فەرهەنگ و یەک شوناسدا هەڵس و کەوتیان کردوەو بە کردەوە زمان و فەرهەنگ و هۆیەتی نەتەوەکانی غەیرە فارس سوکایەتی پێ کراوە و دەکرێ ، کۆماری ئیسلامیش هەر لەم راستایەدا بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە لە هیچ چەشنە پێلانێکی دژی ئینسانی خۆی نەبواردووە و نابوێری. ئامانج و هەدەفی سەرەکی ئەم سیاسەتەش بە درێژای مێژوو بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی بندەستی ئێران بووە .رژیمە دیکتاتۆرەکان تەنیا لە رووی سیاسی وئابووری و شەڕ پێ فرۆشتنەوە کوردستانیان بە دواکەوتووی رانەگرتووە، بەڵکو زۆر وریایانە لە بواری فەرهەنگی وکولتوریشدا ویستوویانە ئەم گەلە پاشکەوتوو بمێنێتەوە. بەڵام هەموو ئەو گوشارو بەربەست و سەرکوت کردنانەش بە خۆشیەوە نەیتوانیوە رۆڵەکانمان لە هەوڵدان بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایکی دڵسارد بکاتەوە، بەپێچەوانەوە رۆژ بە رۆژ ئێمە شاهیدی تامەزرۆی زیاتری نەوێ نوێن بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی دایکییان. هەربۆیەش زمانی کوردی لە کوردستانی خۆرهەڵات سەرەڕای هەموو بەربەستەکان نەک لاواز نەبووە بەڵکۆ بە رادەیەکی بەرچاو گەشەی کردوەو سەدان کەسی بە ئەزموون چیرۆک، شیعر و وتاری سیاسیی بە زمانی کوردی دەنووسن و کتێبە بە نرخەکان وەر دەگێڕن بۆ زمانی کوردی و خولی فێربوونی زمانی کوردی دادەنێن. لە بیرمان نەچێ ئەم هەوڵانە لە حاڵێکدایە کە بە رەسمی رێگا بە خوێندنی زمانی کوردی نادرێ و، بەربەست ، ئاستەنگ و گوشار بۆ تێکۆشەرانی ئەم بوارە دروست دەکرێ.
ئەرکی حیزبەکان، دەزگاکانی راگەیاندن، رێکخراوەکان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆشنبیران ، نوسەران، شاعیران و هەموو تاکێکی کوردە بۆ زیندوو راگرتنی زمانی دایکیمان کە پایەی شوناس و هۆیەتی نەتەوەکەمانە و هۆیەکی بە هێزە بۆ بەرگری لە تواندنەوەمان، هەوڵ بدەین لە هەر رێگایەکەوە کە بۆمان دەکرێ نەوەی نوێ لە گرینگی فێربوونی زمانی دایکی ئاگادار بکەینەوە و لە بواری جۆراوجۆردا کار لە سەر گەشەکردن ، دەوڵەمەندتر کردن و بە رەسمی ناسینی بکەین.
با هەموو لایەک رۆژی جیهانی زمانی دایک بکەینە رۆژی رێزگرتنی نەتەوەکانی جیهان لە یەکترو کۆتایهێنان بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و فەرهەنگی. خوێندن و دووان بە زمانی دایکی مافی حاشا هەڵنەگری کورد و هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی وڵاتی ئێرانە.

21/2/ 2015
 
وێنه‌ی په‌یوه‌ندیدار
  • رۆژی زمانی دایکى
هه‌ڵسه‌نگاندن

تا ئێستا بۆچونێک نه‌نوسراوه‌!
بۆچونێک بنوسه‌:

ناو (پیویسته‌)

ئیمه‌یڵ (پیویسته‌)

ماڵپه‌ڕ / وێبلاگ

سه‌ره‌تا | هه‌واڵه‌کان | به‌رنامه‌کان | دەربارەی ئێمە | پەیوەندی | فارسی

© هه‌موو مافێکی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌ (ڕۆژهه‌ڵات تی ڤی rojhelat.tv)

www.rojhelat.tvwww.rojhelat.tvwww.rojhelat.tv